قەزای کەلار لە دورەوە. وێنە:964+
لە کەلار
دوای دوو مانگ دەست دەکرێتەوە بە وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوو مانگێک دەبێت هیچ ماڵێک لە کەلار پارەی ئاویان لێ وەرنەگیراوە، گرفتەکە پەیوەندی هەبووە بە وەزارتی شارەوانی و کۆمپانیای ئۆرانۆس کە کۆکردنەوەی کرێی ئاوی ماڵانی لەسەرە، بەڵام وا دیارە کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار دەڵێت، دەست بە کۆکردنەوەی پارەی ئاو دەکرێت.
کۆمپانیای ئۆرانۆس کرێی ئاوی ماڵان لە زۆنی چوار کۆدەکاتەوە، ھەریەکە لە ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە دەگرێتەوە.
سامان رەحیم بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964ى وت، “ماوەی دوو مانگە پارەی ئاو لە ھاوڵاتیان وەرنەگیراوە، پێش پشووەکەی سەری ساڵ کۆمپانیای ئۆرانۆس و وەزارەتی شارەوانی گرفتەکانیان چارەسەر کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، مانگەکانی 11 و 12ی 2023، وەسڵی خوێندنەوەی پێوەری ئاو بۆ ماڵان رۆیشتووە، بەڵام پارەکەیان لێوەرنەگیراوە، چەند رۆژی داھاتوو لە کەلار، دەستدەکرێتەوە بە کۆکردنەوەی پارەی کرێی ئاو.