پریپەیدی کارەبای زیرەکیان بۆ لادەبرێت
ساڵی رابردوو 188 ماڵ و شوێن لە سلێمانی سیستمی سۆلاریان داناوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
ساڵی 2023 لە شاری سلێمانی 188 ماڵ و شوێن سیستمی سۆلاریان داناوە و کارەبای سلێمانیش دەڵێت، داواکارییەکان بۆ دانانی سیستمەکە تا دێت زیاتر دەبێت.
سۆلار بەدەستهێنانی وزەی کارەبایە لە رێگەی وزەی خۆرەوە، بەپێی زانیارییەکانی کارەبای سلێمانی کە بە 964 دراوە، ژمارەکە زیاترە، بەڵام هەر هێندە خۆیان تۆمار کردووە.
چالاک عەبدولکەریم، ئەندازیار و لێپرسراوی هۆبەی GIS لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بەشی رۆژئاوا بە 964ی راگەیاند، داواکارییەکانی دانانی سیستمی سۆلار لە زیادبووندان و ساڵی رابردووش زۆرترین داواکاری هەبووە و ئەو سیستمە لە لایەن ماڵ و دوکان و شوێنە بازرگانییەکانەوە داندراوە.
وتیشی، “ئێمە بڕی ئەمپێری پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ ئەوانە زیاد دەکەین کە سیستمەکە دادەنێن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی بڕی ئەو کارەبا زیادەیەی بەرهەمی دەهێنن بیخەنە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی”.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ماڵانەی سیستمەکەیان پریپەیدە و سۆلار دادەنێن بۆ ئەوەی ئەو کارەبایەی تێکەڵی کارەبای نیشتمانی دەکەن هەژمار بکرێت، پریپەیدی سەر کارەبای زیرەکیان بۆ لادەبرێت و لەمەودوا یەکەی گەڕاوەیان بۆ ناو تۆڕی کارەبا بۆ هەژمار دەکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر