ساغکردنەوەی 964

ئایا بەڕێوەبەرەکەی گوندی لوبنانی لە هەولێر کوژراوە یان مردووە؟

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاو هەواڵی “کوژرانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گوندی لوبنانی” لە تۆڕەکۆمەڵاتیەکان بڵاوکرایەوە، 964 بەدواداچوونی کردووە، لەگەڵ ئەو پارێزەرە قسەیکردووە کە هاوڕێی نزیکی (تارق عەدنان عەماش) بووە و مامەڵەی ناردنەوەی تەرمەکەی جێبەجێدەکات، هاوکات لەگەڵ وتەبێژی کۆمپانیای حەریری قسەی کردووە.

محەمەد حەریری وتەبێژی کۆمپانیای حەریری بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “بە بەڵگە دەیخەینەڕوو تارق عەماش نەکوژراوە و بە جەڵتەی دڵ مردووە”.

964 پەیوەندیکرد بە ژیار کاکەڕەش نەقشبەندی، ئەو پارێزەرە لە هۆتێل مەسایە و هاوڕێی نزیکی تارق عەماشە دەڵێت، “تارق هاوڕێی نزیکی من بوو، چەند رۆژێک بەر لە سەری ساڵ لە لوبنان بەیەکەوە بووین، بۆ سەردانی خێزانەکەی لە لوبنان بوو، ئەو نەخۆشی دڵی هەبووە و دوو ساڵ لەمەوبەر سەمامەی دڵی گۆڕیووە، بەمدواییە دووچاری کێشەی فەقەراتی پشت و ملی بوو، 26ی مانگ گەڕایەوە هەولێر”.

ژیار کاکەڕەش ئەوەش دەڵێت، “رۆژی 31ی مانگ تەندروستی تێکچوو، تەلەفۆنیان بۆ کردم و وتیان تارق تەندروستی تێکچووە، دوای ئەوەی نێردرا بۆ نەخۆشخانەی نەورۆز کاتژمێر 8:30ی شەو دڵی وەستا، دکتۆرەکان هەوڵی زۆریاندا، کارەبای بوژانەوەی دڵیان لێدا، بەڵام بێ سوود بوو”.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە 964 دراوە، تارق عەماش لەدایک بووی ساڵی 1966 بووە، خێزاندارەو  سێ کچی هەیە، ماوەی 5 ساڵە لە هەولێر دەژیت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گوندی لوبنانی بووە، هەڵگری دوو رەگەزنامەیە لە فەرەنسا ناوی “ئەلین عەدنان عەماشە” لە لوبنان ناوی “تارق عەدنان عەماش”ە.

ژیار کاکەڕەش دەڵیت، “ئەمڕۆ شەهادەی مردنیم تەواو کردووە و لە وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشتڕاستکرایەوە و مۆری لێدراوە، برایەکەی رۆژی سەری ساڵ هاتووە، هیچ سکاڵایەکی نییە، بنکەی پۆلیسی حەدیاب لە عەنکاوە ئاگاداری رێوشوێنەکانە”.

964 پەیوەندیکرد بە پۆلیسی عەنکاوە، ئەفسەرێک کە ئەو شەوە خۆی گەیشتووەتە ماڵی تارق عەماش کاتێک هەواڵ دراوە دەڵێت، “هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە دەڵێن ئەو تارق کوژراوە، بەڵکو ئەو کاتەی چووینە ماڵەکەی کەف لەدەمی هاتبووە دەرەوە و چەندین عیلاجی نەخۆشیمان لەماڵەی بینی”.

گوندی لوبنانی لە چەندین تاوەری نیشتەجێبوون پێکدێت، دەکەوێتە سەر رێگای بەحرکە لە باکوری شاری هەولێر.

964 زانیاری نوێ لەسەر رووداوەکەی بەردەم گوندی لوبنانی ئ...

964 زانیاری نوێ لەسەر رووداوەکەی بەردەم گوندی لوبنانی ئاشکرا دەکات