دوو رۆژە شۆفێرانی بارھەڵگر لە مەرزی پەروێزخان مانیان گرتووە

میلاد جەلال – گەرمیان

لە دوێنێ بەیانیەوە شۆفێرانی بارھەڵگر لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەھۆی بڕیارێکی وڵاتی ئێران مانیان گرتوە و جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزەکە وەستاوە.

ئەو شۆفێرانە ژمارەیان زیاتر لە دوو ھەزار کەس دەبێت .

یەکێک لە شۆفێرانی بارھەڵگر لە مەرزەکە بە 964ـی وت، “بەرپرسانی مەرزەکە لە وڵاتی ئێران بڕیارێکیان دەرکردووە لەکاتی رۆشتنە ناو خاکی ئێران یان کاتی گەڕانەوە، بە ناچاری ئەبێت ئۆتۆمبێلەکانمان پڕ گاز بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان وتوین ئەگەر گاز نەکەین ھەر ئۆتۆمبێلێک بڕێ 200 دۆلار سزا دەدرێت، ئێمەش تاکو ئەو بڕیارە ھەڵنەوەشێننەوە ناڕۆینە وڵاتی ئێرانەوە و بەردەوام دەبین لە مانگرتن.

سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخان عەباس ئیسماعیل بە 964ـی وت، وڵاتی ئێران بەبێ قسەکردن لەگەڵ ئێمە ئەو بڕیارەیان داوە، ئەمەش نیگەرانی لای شۆفێران دروستکردوە.

964 دەزانێت بڕیارە ئەمڕۆ بەرپرسانی مەرزەکە لەدیوی وڵاتی ئێران ، لەگەڵ بەرپرسانی مەرزەکە لە دیوی کوردستان کۆببنەوە بۆ قسەکردن و چارەسەرکردنی بابەتەکە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی