هاندەران گلەییان هەیە
خولی عێراق: باسکەی زاخۆ لە کەرخی بردەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەجیاوازی 15 خاڵ باسکەی زاخۆ لە کەرخی بردەوە.
لە چوارچێوەی گەڕی 12یەمی خولی نایابی باسکەی عێراق، باسکەی زاخۆ میوانداریی باسکەی کەرخی کرد و توانی سەرکەوتنی بەسەردا تۆمار بکات.
یارییەکە ئەم ئێوارەیە کرا و لە دوو چارەگی یەکەمی یارییەکەدا، باسکەی زاخۆ توانی ئاستێکی نایاب پێشکەش بکات و ئەنجامی دوو بەشی یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ بەرامبەر 25 خاڵ کوتایی پێبهێنن.
چارەگی دووەم دەستیپێکرد و هەردوو تیم بە ئاستێکی بەرزەوە هاتنە ناو یاریگە، کەرخ بە مەبەستی چوونەپێش و زاخۆ بۆ پاراستنی ئەنجامەکە، لە کوتاییدا زاخۆ توانی بە جیاوازییەکی زۆر و بە کۆکردنەوەی 82 خاڵ بەرامبەر 67 خاڵ یارییەکە بباتەوە.
لە سەرجەم 12 یاری رابردوودا، باسکەی زاخۆ تەنیا چوار سەرکەوتنیان بەدەستیهێناوە و لە هەشت یاری دۆڕان، بەراورد بە وەرزی رابردووی خولەکە، زاخۆ ئاستێکی زۆر خراپی هەیە و جەماوەرەکەی گلەییان هەیە.
سلێمان کۆچەر، هاندەرێکی دیاری باسکەی زاخۆیە، بە 964ی وت: بۆ ئەم وەرزە لە ئاستی یانەکەمان ناڕازین، داوا لە دەستەی کارگێری دەکەم خەمێکی جددی لە تیمەکە بخۆن، کارەساتە باسکەی زاخۆ تا ئێستا هیچ نازناوێکی نییە، داوا دەکەم لە ئاست بەرپرسیارەتیدا بن و گۆڕانکاری جدیی بکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا