دیمەنی ناحیەی ئاغجەلەر- وێنە: 964+
سۆراغی 964
ئایا لە بۆردومانەکەى گوندى چنارتووی ئاغجەلەر زیانى گیانى هەبووە؟
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى کاتژمێر 2:10 خولەکى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، گوندى چنارتووى ناحیەى ئاغجەلەرى قەزاى چەمچەماڵ کەوتە بەر هێرشى درۆن، 964 بەدواداچوونى کرد و دەرکەوت هیچ زیانێکى گیانى بۆ هاووڵاتییانى مەدەنى نەبووە.
رەمک رەمەزان، قایمقامى چەمچەماڵ بە 964ى وت، “بۆردومانەکە لە گوندى چنارتوو بووە، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى بۆ هاووڵاتییانى مەدەنى نەبووە و گوندەکەش چۆڵە و کەس تێیدا ناژیت”.
لەبارەى ئەوەى دەوترێت بارەگایەکى پارتى کرێکاران (پەکەکە) کرابێتە ئامانج، رەمک رەمەزانى رەتىکردەوە زانیارى لەوبارەیەوە هەبێت و وتى،”نازانم جارێ هێشتا روون نەبووەتەوە”.
لەسەر هەمان بابەت، 964 پەیوەندى بە رێکخراوى سى پى تى ئەمەریکى، تیمى کوردستانەوە کرد، کامەران مەلا عوسمان ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوەکە وتى،”بۆردوومانەکە هیچ زیانێکى گیانى و ماددى بۆ هاوڵاتییان مەدەنى نەبووە”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەى دوو رۆژدا، دووەمجارە سنورى ناحییەى ئاغجەلەر لە سنورى چەمچەماڵ بۆردومان بکرێت.