له‌ هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان

ئامارێك: 73 كرێكار له‌ شوێنی كاره‌كانیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی ئامارێكی نوێ كه‌ رێكخراوێكى كرێكارى بۆ ئه‌مساڵ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 73 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و به‌راورد به ‌ساڵى رابردووش ئه‌م ئاماره‌ رووى له‌ زیادبوونه‌.

به‌شی ئاماری رێكخراوی ده‌نگی كرێكاران، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ئه‌و ژماره‌ كرێكاره‌ى ئه‌مساڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ته‌مه‌نیان له‌نێوان  15 بۆ 70 ساڵان بووه‌.

شاباز مه‌حمود به‌رپرسی به‌شی رووداوه‌كانى شوێنكار له‌و رێكخراوه‌، به‌ 964ـى وت، نه‌بوونى مه‌رجه‌كانى سه‌لامه‌تى له‌ شوێنى كاركردندا وایكردووه‌ ژیانى كرێكاران له‌ مه‌ترسیدابێت.

ئاماره‌كه‌ له‌ رۆژی 1.1.2023 تاوه‌كو 10.12.2023 یه‌.

وتیشی “ئه‌و 73 حاڵه‌تى گیان له‌ده‌ستدانه‌ى كرێكاران له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان 52 كه‌س و له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانیش 21 كه‌سه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌راورد به‌ ئامارى ساڵى پار كه‌ رێكخراوه‌كه‌یان بڵاویكردبووه‌وه‌، ژماره‌ى گیان له‌ ده‌ستدانى كرێكاران رووى له‌ زیاد بوونه‌ و ساڵى 2022 له‌هه‌رێمی كوردستادان 52 حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدان هه‌بووه.

به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌ سلێمانی 19 كرێكار، له‌ هه‌ولێر 22 كرێكار، دهۆك شه‌ش كرێكار،‌ هه‌ڵه‌بجه پێنج كرێكار، له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانیش 21 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانه‌كانیش روونیكرده‌وه،‌ كه‌ بریتین له‌ كه‌وتنه‌وه‌ خواره‌وه‌، كاره‌با گرتن، كه‌وتنه‌ ‌ژێر ئامرازه‌كانی كاركردن‌، سوتان، خنكان، ته‌قینه‌وه‌ی ئامێر و ئامرازه‌كان.

به‌پێی زانیاریه‌كانى 964 ماوه‌ى 10 ساڵ بوو رێكخراوى بیناسازی كرێكارى ئه‌و ئامارانه‌ى بڵاوده‌كرده‌وه‌ و ماوه‌ى دوو ساڵیشه‌ رێكخراوى ده‌نگى كرێكار و تا ئێستاش وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌مترین ئامارى له‌باره‌ى گیانله‌ده‌ستدانى ساڵانه‌ى كرێكارانی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

كرێكارێك كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ست دا

كرێكارێك كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ست دا