براوه‌ی زۆرترین نازناوی جامی كه‌نداو گه‌یشته‌ به‌سڕه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

شاندی هه‌ڵبژارده‌ی كوێت بۆ به‌شداریكردن له‌ جامی كه‌نداوی 25 گه‌یشته‌ به‌سڕه‌ی باشووری عێراق، لیژنه‌ی هونه‌رییش كۆبوونه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ـی كانوونی دووه‌م، شاندی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوێت گه‌یشتنه‌ شاری به‌سڕه‌، له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و پارێزگاری شاره‌كه‌ پێشوازیی كران.

كوێت دواجار له‌ 2010 توانیویه‌تی نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت

هه‌ڵبژارده‌ی كوێت براوه‌ی 10 نازناوی جامی كه‌نداوه‌ له‌ مێژووی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا، كه‌ زۆرترین جاره‌ و ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی كوێت له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می جامی كه‌نداوی ئه‌مجاره‌یه‌، له‌ ته‌ك هه‌ڵبژارده‌كانی ئیمارات، قه‌ته‌ڕ و به‌حرێن.

كوێت دواجار له‌ 2010 توانیویه‌تی نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ به‌سڕه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان لیژنه‌ی پێشبڕكێیه‌كانی فیدراسیۆنی جامی كه‌نداو و لیژنه‌ی پێشبڕكێیه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 به‌ڕێوه‌چوو.

گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی پێشبڕكێیه‌كانی جامی كه‌نداوی 25 به‌ 964+ی وت، “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ هه‌موو كاروباره‌ هونه‌رییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی جامی كه‌نداو كرا، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی به‌ڕێوه‌چوونی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ به‌ باشترین شێوه‌”.

به‌شداربووانی مۆندیال گه‌یشتن
هه‌ر ئه‌مڕۆ شاندی هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ و قه‌ته‌ڕ، بۆ به‌شداریكردن له‌ جامی كه‌نداو گه‌یشتنه‌ به‌سڕه‌.
هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ به‌شداریی مۆندیالی 2022یان كرد، كه‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو له‌ قه‌ته‌ڕ كۆتایی هات و هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ش له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا كرانه‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964+ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی به‌و پێكهاتانه‌ی به‌شداریی مۆندیالیان كرد، به‌شداریی جامی كه‌نداو ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌ گۆڕانكاری و به‌ هێنانی یاریزانانی یه‌ده‌گ و لاوه‌وه‌ به‌شداریی ده‌كه‌ن.

جامی كه‌نداوی 25 رۆژی هه‌ینیی داهاتوو له‌ شاری به‌سڕه‌ به‌ به‌شداریی هه‌شت هه‌ڵبژارده‌ ده‌ستپێده‌كات، رۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ كۆتایی دێت.