حاسڵاتی ئەم بەیانییە
100 هێرش لەماوەی 24 کاتژمێردا
+964
ژووری هەواڵ
ئێران و ئیسرائیل چاویان لەیەکتر سوور کردووەتەوەو شەڕ لەغەزە بەردەوامە، ئەمەش حاسڵاتی رووداوەکانی دەرودوسێیە بۆ ئەم پێش نیوەڕۆیە:
دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند نەخۆشییەکی مەترسیدار لەناو سوپای ئیسرائیلدا بڵاوبووەتەوە، تائێستا لانی کەم 10 سەرباز تووشی هەوکردنی کەڕوویی بوون و دوو هەفتە لەمەوبەر سەربازێک بەو نەخۆشییە مردووە.
ناتەنیاهۆ رایگەیاند: هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە ئەو هێرشە قورسەمان نەکردایەو بەهۆی فشاری سەربازییەوە نەبوایە نەماندەتوانی تاکە دیلێکی ئیسرائیلی بگەڕێنینەوە، بۆیە شەڕ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی بەرگری ئێران دەڵێت: ئیسرائیل باجی ئەوە دەدات کە یەکێک لە راوێژکارەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەکات و شوێنی گونجاودا و بەو شێوازەی بەباشی دەزانین وەڵامی ئەم تاوانە دەدەینەوە،
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: هێزی ئاسمانی ئیسرائیل تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 100 ئامانجی لەباشوری غەزە بۆردومان کردووە.
ئەمڕۆ وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل دەگاتە واشنتۆن، بڕیار وایە ئەمریکاو ئیسرائیل گفتۆگۆ بکەن لەبارەی پلانەکانی ئیسرائیل بۆ سنوردارکردنی هێرشەکانی سەر غەزەو گۆڕینی شێوازی هێرشەکان.
هێزی دەریاوانی هیندستان رایگەیاند: سێ کەشتی سەربازی لەنزیک کەناراوەکانی وڵاتەکەی بڵاودەکاتەوە کە موشەکی ئاڕاستەکراویان هەڵگرتووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت لە نزیک کەناراوەکانی هیندستان هێرش کرایە سەر کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیل.