رێژەکە لە پار ساڵ زیاتر بووە
لە 11 مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەولێر
964+
شیراز عەبدوڵا
لە ماوەی 11مانگی ئەمساڵ سێ ملیۆن و 82 هەزار و 96 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە ، چەند رێستۆرانت و هۆتێلێکیش بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی گەشت و گوزار بە پێی جۆری سەرپێچیەکە سزادراون.
90% ئەوگەشتیارانەی لە ماوەی ئەمساڵ هاتوونەتە هەولێر، گەشتیاری ناوچەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بوون 10% گەشتیارانی بیانی دەرەوەی عێراق و پارێزگاکانی هەرێم بوونە.
نەریمان فازڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بە 964ـی وت، لە تەواوی ساڵی پار دوو ملیۆن 752 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێری کردبوو ، بەڵام لە 11 مانگی ئەمساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران زیادی کردووە و ئەو ژمارەیەی پار ساڵی تێپەڕاندووە.
وتیشی، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە چاودێری ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن.
گەشتوگوزاری هەولێر دەشڵێت، بەشێک لە گەشتیارەکان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان و بەشێوەی گروپ هاتوون، داهاتی گەشتیاری بۆ هەولێر زیادی کردووە بەڵام چونکە خەرجی گەشتیاران دەچێتە نێو بازاڕ کۆ نەکراوەتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی