ده‌یان په‌له‌وه‌رى مردار كردووه
نه‌خۆشی نیوكاسڵ گه‌یشتووه‌ته ئاغجه‌له‌ر
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له گوندى گۆپته‌په‌ى سنوورى ناحیه‌ى ئاغجه‌له‌ر نه‌خۆشی له‌ناو په‌له‌وه‌ره‌كان بڵاوبووته‌وه و به‌هۆیه‌وه ده‌یان په‌له‌وه‌ر مردار بوونه‌ته‌وه.
له‌و په‌له‌وه‌رانه‌ى رووبه‌ڕووى نه‌خۆشییه‌كه بوونه‌ته‌وه بریتین له قاز و قه‌ل و مریشك و كه‌ڵه‌شێر، به‌پێی حاڵه‌ته‌كانى تووشبوونى ئه‌و په‌له‌وه‌رانه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌خۆشی نیوكاسڵه.
نیوکاسڵ نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە توشی هەموو جۆرە پەلەوەر و باڵندەیەک دەبێت، بە بەربڵاوترین نەخۆشی ڤایرۆسی هەژمار دەکرێت و بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە و تووشی کۆئەندامەکانی هەرس و هەناسە و دەمار دەبێت.
هیوا جاف، دانیشتووى گوندى گۆپته‌په بۆ 964 ئاماژه‌ى به مردابوونه‌ى ژماره‌یه‌كی زۆر په‌له‌وه‌ر له گونده‌كه‌یان ده‌كات، كه په‌له‌وه‌رى چه‌ند كه‌سێكی ئه‌و گونده‌ى له‌ناوبردووه .
وتیشی “پێشبینى ده‌كرێت له گونده‌كانى دیكه‌ى ئه‌و سنووره‌ش نه‌خۆشییه‌كه له‌ناو په‌له‌وه‌ران بڵاوبووبێته‌وه”.
به‌قسه‌ى ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا، خه‌ڵكی گوندى كانى هه‌نجیره، هه‌مان ئه‌م نه‌خۆشییه له گونده‌كانى كانی بی و قه‌ڵاچۆغه‌ش بڵاوبووه‌ته‌وه.
ئەوەش دەڵێت، “په‌له‌وه‌ره‌كان به‌هۆى ئه‌م نه‌خۆشییه‌وه ئه‌ستوور ده‌بن و سه‌ریان لارده‌بێته‌وه و دواتریش ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وى و مردار ده‌بن”.
بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م نه‌خۆشییه به‌ته‌نیا له سنوورى ناحیه‌ى ئاغجه‌له‌ر نیه، به‌ڵكو زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى گرتووه‌ته‌وه و نه‌خۆشییه‌كى وه‌رزییه.
پێشتر د. محه‌مه‌د مه‌جید، به‌رپرسی به‌شی ڤێته‌رنه‌رى قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش، كه له سنووره‌كه‌یاندا ئه‌م نه‌خۆشییه بڵاوبووه‌ته‌وه، به 964 وتبوو، پێویسته خاوه‌ن په‌له‌وه‌ره‌كان له مانگه‌كانى ئایار و ته‌مموزى هه‌موو ساڵێك كوتان بۆ په‌له‌وه‌ره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له وه‌رزى زستاناندا رووبه‌ڕووى ئه‌م ڤایرۆسه نه‌بنه‌وه.