ناڵە سوپەر ئازاد کرا
964+
وریا فەتاح
کەمێک پێش ئێستا، خانمە میدیاکار و راگەیاندکار، ناڵە سوپەر ئازادکرا و پارێزەرەکەشى دەڵێت: حەق بەسەر نادادپەروەریدا سەرکەوت.
سەرچاوەیەک لە خێزانەکەى بە 964ى وت،” کەمێک پێش ئێستا ناڵە سوپەر ئازاد کراو ئێستا لەلای خۆمانە”.
لەبارەى ئازادبونییەوە، 964 پەیوەندى بە سەرهەنگ خۆشناو، پارێزەرى ناڵە سوپەرەوە کرد و ئەو وتى،”سوپاس بۆ خواو سوپاس بۆ دادگاى تەمیز، ناڵە سوپەر ئازاد کرا و حەق بەسەر نادادپەروەریدا سەرکەوت و بڕیارەکە بە دڵى خۆمانە”.
ئەو پارێزەرە باسى لەوەشکرد، ئەو تۆمەتانەى پێى سزادرابوو، هیچ بەڵگەیەکى پێویستى نەبوو و نادادپەروەرانەبوو.
“ناڵە سوپەر، راگەیاندکار و میدیاکار، زیاتر لە ساڵێکە لە زیندانە و چەندین دۆسیەى لەدژ جوڵێنرا، دواین بڕیارى دادگا لەسەر دۆسییەکەى بەپێى بڕگەی یەکەمی یاسایی ژمارە 21ـی ساڵی 2003 بووە کە تۆمەتى سیخوڕى دژى ئاسایشى نیشتمانى درابووە پاڵ”، پارێزەرەکەى واى وت.
بەپێى یاساکە، ناڵە سوپەر بە پێنج ساڵ و یەک مانگ حوکمدان سزادراوە و تەنها یەک مانگى لەو وادەیە تێپەڕاندبوو.