شێرپەنجە رۆژهاتى کرد بە نووسەر
چۆکى دانەدا و بەسەر شێرپەنجەدا سەرکەوت
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
گەنجێکى دهۆک، لە شەڕى دژى شێرپەنجە سەرکەوتوو بوو و دواتر لە دووتوێى کتێبێکدا، ئەزموونى خۆى لەگەڵ ئێش و ئازارەکانى شێرپەنجەدا، دەگێڕێتەوە.
رۆژهات ئیبراهیم، تەمەن 24 ساڵە و دانیشتوى دهۆکە، لە ساڵى 2018دا تووشى شێرپەنجەى خوێن دەبێت، بەوهۆیەوە دوو ساڵ لە خوێندن دادەبڕێت و دواتر بە شێوەى دەرەکى درێژە بە خوێندن دەدات.
وەک رۆژهات بۆ 964 باسى لێوەکرد، بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە دهۆک، بە ناچارى دەچێت بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
لەگەڵ دەستپێکى نەخۆشییەکە، ژیانى قورس و پڕ ئازارى رۆژهات دەستپێدەکات، بەڵام وەک خۆى وتى، “چۆکم دانەدا و رووبەڕوى بوومەوە”.
رۆژهات، دواى دوو ساڵ بەسەر شێرپەنجەدا سەردەکەوێت و ئێستاش کتێبێکى بە ناوى “ئەز دەشێم، من دەتوانم”، نووسیوە و تێیدا باس لە کاتى نەخۆشییەکەى و ئازار و قۆناغەکانى تێپەڕاندنى دەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح