زۆرترین شوێنهوارى دهۆك له ئامێدین
فهرهنسا شەش شوێنەواری قەزای ئامێدی نۆژەندەکاتەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
وڵاتى فەرەنسا كار لهسهر نۆژهنكردنهوهى شەش شوێنەواری کۆنی قەزای ئامێدی دەکات.
کونسوڵی فەرەنسا له ههرێمی كوردستان لەگەڵ چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک کۆبوونەوە لەسەر نۆژەنکردنهوهی شوێنەواری کۆنی قەزای ئامێدی قسهیان كرد.
شوێنەوارهكان بریتین له قوتابخانەی قوبەهان، مزگەوتی کۆن، کەنیسەی کۆن، قەبرستانی سوڵتان، گوڕی پیرحەزان و کورا سریجی.
بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری دهۆک بە 964ـى وت، کونسوڵخانەی فەرەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئێکسپرێنس فرانس و ئیف پوی فهرەنسی و وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێم ، ئهم شوێنەوارانه نۆژەندەکاتەوە.
وتیشی “ماوەی حەوت مانگە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بەشێوەیەکی تیوڕی لەسەر ئەم شوێنانە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە شێوازەکەی کە وەکو خۆیەتی بۆئهوهى دهست به پراکتیکی كارهكه بكرێت”.
ئاماژەى بەوەشکرد، بڕیارە لە ساڵی داهاتوو دەست بەو نۆژەنکردنەوانه بكرێت.
لە سنوری پارێزگای دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 221 ناوچەی شوێنەواری هەیە، كه زۆربەیان دهكهونه سنوری قەزای ئامێدی كه زیاتر لە 200 شوێنی شوێنەواری لێیه.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن