سێ مانگە موچەیان وەرنەگرتووە

سێ رۆژە ژینگە پارێزانی قەڵادزێ مانیان گرتووە

964+

محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

نزیکەی هەفتەیکە پاکەوانانی ژینگە پارێز لە قەڵادزێ مانیان گرتووە بەهۆی ئەوەی سێ مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، زبڵ و خاشاکێکی زۆریش لەناو شاردا کۆبووەتەوە.

ئەحمەد حەسەن پاکەوانی ژینگەیە، بە 964ـی وت، “ماوەی سێ مانگە موچەمان وەرنەگرتووە، بۆیە مانمان گرتووە لەکارەکانمان، زۆربەمان نەخۆشی درێژ خایەنمان هەیە، شانازی بە ئیشەکەمانەوە دەکەین بەڵام دەبێت حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار چاوی لەوە بێت، کەئێمە ئەو ئیشە دەکەین، مافەکەی خۆمان پێ ببەخشن کە موچەیە”.

وتیشی، “جگە لەو بڕە موچەیە کە 350 هەزارە هیچی ترمان نییە، هیوادارین بەزوترین کات پێمان بدەن، بۆئەوەی بچینەوە سەرکارەکانمان”.

کۆی گشتی پاکەوانی ژینگە لەقەڵادزێ نزیکەی 150کرێکارن و موچەکەیان 350 تا نزیکەی 500 هەزار دینارە.

سۆران بەرزە، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان لە قەڵادزێ بە 964ـی وت، کرێکارەکانی کۆمپانیای بیڤان وەستاون لەکارەکانیان بەهۆی ئەوەی سێ مانگە  موچەیان پێنەدراوە، خۆش بەختانە  لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداریان کردینەوە کە بەیانی موچەی یەک مانگیان پێدەدرێت و لەدوای وەرگرتنی ئەم موچەیە موچەکانی تریش وەردەگرن و یەک دیناریان نافەوتێت.

وتیشی، هاوڵاتیان و هاوشاریان دڵنیادەکەنەوە گرفتەکە چارەسەر کراوە و لەماوەی دوو رۆژدا تەواوی شار پاک دکەنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی