کێشەی کۆچ و دیمۆگرافی

ئەنجامى یارییەک، سەردەکێشێت بۆ شەڕى نێوان دوو وڵات

+964

ژووری هەواڵ

ساڵ ساڵى، 1969یە، هاندەرانى دوو هەڵبژاردە کە پێشتر هیچیان تامى بەشدارى مۆندیالیان نەکردووە، بە کۆڵێک کێشە و ناکۆکى نێوانیانەوە دێنە یاریگاوە و 1700 پۆلیس لەوێن بۆ کۆنترۆڵکردنى بارودۆخەکە، بەڵام ئەنجامى یارییەکە هەموو چاوەڕوانییەکان دەشێوێنێت و دەگۆڕێت بۆ شەڕى نێوان دوو وڵات و ئاوارەبونى هەزاران کەس.

رەنگە زۆربەمان بینەرى تۆپى پێ بین، بەڵام کەممان ئاگادارى مێژو و رووداوەکان بین کە بەهۆى تۆپى پێوە روویانداوە، لەوانە جەنگى 100 کاتژمێرى نێوان هندۆراس و سلڤادۆر.

یارییەکە بۆ گەیشتن بوو بە مۆندیالى 1970 و لە یاریگای ئەزتەکا لە شاری مەکسیکۆ بەڕێوەچوو. لە نێو پەیژەکانى یاریگاکەوە هەوادارانی سالڤادۆر هاواریان دەکرد “بکوژەکان، بکوژەکان” و هندۆراسییەکانیش بە دروشمى جیاواز وەڵامیان دەدانەوە.

90 خولەک تێپەڕى و هەریەکەیان دوو گۆڵیان تۆمار کردووە، یارییەکە دەچێتە کاتى زیادکراو و لە خولەکى 11 دا، ماوریسیۆى سلڤادۆرى گۆڵى سێەمى تۆمارکرد، سلڤادۆرییەکان 3 بە 2 سەرکەوتن و یاریزانەکان باوەشیان بەیەکتریدا کرد و یاریگایان جێهێشت.

لەو کاتەدا، ژمارەى دانیشتوانى سلڤادۆر سێ ملیۆن کەس بوو، ژمارەى دانیشتوانى هندراسیش دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس، بەڵام روبەرى زەوییەکانى هندۆراس پێنج ئەوەندەى روبەرى سلڤادۆر بوو، هەر بەو هۆیەوە 300 هەزار هاوڵاتى سلڤادۆرى بۆ کارکردن لە هندۆراس دەژیان.

کۆچى سلڤادۆرییەکان بۆ هندۆراس، توڕەیى جوتیارانى هندۆراسى لێکەوتەوە، چونکە تا ئەوکاتە، ناکۆکى نێوان هەردو وڵات لەسەر روبەرى وشکانى و دەریایى هەبوو، بەشێک لە زەوى و دورگەکانى نێوانیان هاوبەش بون.

شەڕەکە لە 12ی تەممووزی 1969 دەستی پێکرد کاتێک سوپای سالڤادۆر هێرشی کردە سەر هۆندۆراس. هەرچەندە ئەنجامى یارییەکە شەڕەکەى دروستکرد، بەڵام هۆکارەکانی جەنگەکە زۆر قووڵتر بوون. کێشەکانی چاکسازی زەوی لە هۆندۆراس و کێشەی کۆچ و دیمۆگرافی لە سالڤادۆر، دنە و پاڵنەڕى شەڕەکە بون.

ئەم رووداوە، بووە هۆی توندوتیژی دژ بە سالڤادۆرییەکانى هندۆراس، بەو هۆیەوە نزیکەى 15 هەزار جوتیارى سلڤادۆرى هندۆراسیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان، حکومەتى هۆندۆراس دواتر سیاسەتى چاکسازی زەویی هەڵگرت کە دەستیگرت بەسەر زەوى سلڤادۆرییەکان و وەک دیاریی بەخشینییە جوتیارانى وڵاتەکەى.

لێکەوتەکانى یارییەکە لە شەڕەکەدا نەوەستا، دواى 10 ساڵ بووە هۆى دروستبونى شەڕى ناوخۆیى لە سلڤادۆر.

مێسی داوای رزگارکردنی زەوی دەکات

مێسی داوای رزگارکردنی زەوی دەکات