لە رۆژهەڵاتی کوردستان

هەڵمەتی دەستگیرکردن و رفاندنی مامۆستایانی ئایینی دەستیپێکردووە

964+

پێشەوا محەمەد

لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگدا 20 مامۆستای ئایینی دەستگیر کراون و چواری دیکەش رفێندراون، زانیارییەکە هی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوە.

رێکخراوەکە کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بڵاوی کردووەتەوە، چوار مامۆستای ئایینیان کە خەڵکی شاری پیرانشار بوون بە 11 ساڵ حکوم دراون و تۆمەتەکەشیان ئەوە بووە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، چوار مامۆستاش رفێندراون و “چارەنووسیان تا ئێستا روون نەکراوەتەوە”.

“هەریەکە لەو مامۆستایانەی دیکە بە تۆمەتی هەوڵ بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و هەوڵی بەلاڕێدابردنی رای گشتی لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانەوە سزای بەندکردنیان بۆ ماوەی دوو تا 11 ساڵ بەسەردا سەپێندراوە”، رێکخراوی هەنگاو وادەڵێت.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە مانگی نۆی ساڵی رابردوودا لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارەکانی رۆژهەڵات بەڕێوە چوو.

لە زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاودا ئەوەش هاتووە، مامۆستا ئایینییەکان خەڵکی شارەکانی؛ پیرانشار، بۆکان، جوانڕۆ و ئورمییە بوون.

"ئەمساڵ زیانی کۆڵبەران لە دەیەی رابردوو هاوشێوەی نەبووە"