10 یانە بەشدار بوون

دهۆک بووە پاڵەوانی تێنسی کوردستان

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

پاڵەوانیەتی ئەمساڵی تێنس لە هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، یانەی گەورەی شارەکەش توانی ببێتە خاوەنی نازناوەکە.

بۆ ئەمساڵ 10 یانە بەشداری پاڵەوانیەتیی تێنسی کوردستان بوون، کە بە سەرپەرشتی  لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی کوردستان و فیدراسیۆنی تێنس رێکخرابوو.

لە نێوان ئەو 10 یانەدا یانەکانی هەولێر و دهۆک توانیان بۆ یاریی کۆتایی سەرکەون، کە ئەمڕۆ شەممە یاریی کۆتایی ئەنجام درا و دهۆک توانی بە ئەنجامی دوو گێم بەرامبەر بە گێمێک نازناوەکە مسۆگەر بکات.

رۆستەم رەسول ئیبراهیم، سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بە 964ـی وت، پاڵەوانیەتییەکە بۆ ئەمساڵ لە دهۆک ئەنجامدرا و چوار رۆژی خایاند بە بەشداری 10 یانە، کە دابەشکرابوون بەسەر دوو گرووپ.

وتیشی، ئەو یانانەی لەم پاڵەوانیەتییەدا بەشدارییان کرد، هەریەکە لە یانەکانی دهۆک، گارە، هەولێر، سێمێل، ئەکاد، خاک، نیشتمان، سۆلاڤ، بروسک و قەڵا بوون و هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا یانەی زیاتر بەشدایری پاڵەوانیەتییەکە بکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی