پێیانوتووه مه‌ترسیدارى
رێگری له رۆژنامەنوسێکی بادینان كرا بچێتە تورکیا
964+
ژوورى هه‌واڵ
هێزە ئەمنییه‌كانی تورکیا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلى دیوى خۆیانه‌وه، رێگریان لە رۆژنامەنوسێکی دیاری شاری دهۆک كرد بچێتە وڵاته‌كه‌یان و پێیان وتووه تۆ مه‌ترسیدارى بۆسه‌ر ئاسایشی ئه‌م وێته.
شیمال بەرچی، رۆژنامەنوسی فریلانس لە شاری دهۆک وتى ئەمڕۆ هەینی 15.12.2023 لەگەڵ ئامۆزایه‌کی بە مەبەستی سەردانی نەخۆشێک به‌نیاز بوونه سه‌ردانى شاری ئیستەنبووڵ بكه‌ن، به‌ڵام رێگریان لێكردوون.
وتیشی “دوای چەند کاتژمێرێک را‌گرتن و پشکنیننمان له‌لایه‌ن هێزە ئەمنییەکانى جەرندمەوە له ئیبراهیم خەلیل، رێگه‌یان نه‌دا بچینه ئه‌و وڵاته”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سەرەتا لە ژووری کۆنترۆڵی پاسپۆرت، ئاگاداریان کردووه کە پێشتر سەردانی تورکیاى کردووە و سەرپێچی ئۆتۆمبێلی هەبووە و نەیداوە.
دواتر مۆبایلیان لێوەرگرتووه “به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان پێدام لێی نووسراوه، ئەم کەسە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و نابێت سەردانی ئه‌و وڵاته بکات.”
ئەم رۆژنامەنوسە ئەوەشی خستەڕوو، هەرگیز بۆ سەر ئاسایشی تورکیا مەترسی نەبووە، تەنیا لە سۆشیاڵ میدیا چەند جارێك هەڵوێستى هەبووە لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گوند و ناوچەکانی سنوورى شاری دهۆک.