کۆمپانیاکە لە عێراق کاری کردووە

بەتۆمەتی هاوکاریکردنی داعش کوردانی ئێزدی کۆمپانیایەک دەدەنە دادگا

964+

ژووری هەواڵ

سەدان کوردی ئێزدی، بە نوێنەرایەتی نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە نیویۆرکی ئەمریکا، سکاڵایان لە دژی کۆمپانیای Lafargeـی فەرەنسی تۆمارکرد و بەوە تۆمەتباری دەکەن، کە “یارمەتی داعشی داوە”.

لە سکاڵاکەدا، کوردانی ئێزدی داوا دەکەن کە “کۆمپانیاکە قەرەبووی هەموو رزگاربووانی دەستی داعش بکاتەوە”.

کۆمپانیاکە بەوە تۆمەتبار کراوە کە “لەگەڵ داعش پیلانی گێڕاوە” و “یارمەتی کردەوە تیرۆریسییە نێودەوڵەتییەکانی داعشی داوە”.

بەگوێرەی سکاڵاکە کە لەلایەن ئەمەل کلۆنی، پارێزەری کوردی ئێزدی و لی ولۆسکی، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی لە دادگایەکی رۆژئاوای نیویۆرک تۆمارکراوە، “کۆمپانیاکە پاڵپشتی مادی رێکخراوی داعشی کردوو بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی توندوتیژی”.

“ئەمە شۆکهێنەرە کاتێک کۆمپانیایەکی پێشەنگی جیهانی دەست لەناو دەست لەگەڵ داعش کاری کردووە، لە کاتێکدا داعش خەڵکی سڤیلی ئەمریکی کوشتووە و کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان کردووە”، دەستەی پارێزەرانی ئێزدییەکان لە راگەیێندراوێکدا وا دەڵێن.

کۆمپانیای Lafarge لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە دادگای ئەمریکا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە تۆمەتی ئەوەی کە پارەی داوە بەو گروپانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست دەستنیشانکراون، لەنێویاندا داعش، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە بتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن لە سوریا، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی 778 ملیۆن دۆلار وەک غەرامە.

مۆنۆمێنتی

مۆنۆمێنتی "قوربانیانی ئێزیدی" لە شنگال دروستدەکرێت