بەبێ ئەنجامدانى هیچ تاوانێک
لە هەرێمى کوردستان 53 منداڵ لە زیندانن
964+
شیراز عەبدوڵا
لە هەرێمى کوردستان، 53 منداڵ لە ناو زیندانى چاکسازییەکانى ژناندان بەبێ ئەوەى هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت.
لە ناو زیندانییەکانى چاکسازى ژنان، لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک 329 ژن بە تاوانى جۆراوجۆر راگیراون یان سزادراون، بەشێوەیەک 213 ژن لە هەولێر و 61 ژن لە دهۆک و 55 ژن لە سلێمانى، هەن.
پەیام فەتحوڵا، بەرپرسی پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵاییەتی هەرێم، بۆ 964 وتی،” لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 10 منداڵ لە نێو چاکسازییەکان بەهۆی زیادبوونی تەمەنیان، گواستراونەتەوە چاودێری کۆمەڵایەتی، بۆ لەمەودواش بڕیاردراوە منداڵ لە سەرووی تەمەنی سێ ساڵیەوە وەرنەگیرێت”.
بەپێى قسەى پەیام عەبدوڵا، لەئێستادا 53 منداڵ لە ناو هەرسێ چاکسازییەکە لەگەڵ دایکیانن، بەبێ ئەوەى منداڵەکان هیچ تاوانێکیان هەبێت و دایکەکان بە تاوانى جۆراوجۆر لە زیندانەکانى چاکسازین.
کەسوکاریان ئامادەنین منداڵەکان وەرگرنەوە
“هەندێک لەو منداڵانە کەسوکاریان ئامادەنین وەریان بگرنەوە، چونکە دایکەکە تاوانى ئەنجامداوە و کەسوکارى ژنەکەش و پیاوەکەش ئامادەنین منداڵەکە وەربگرنەوە و لاى خۆیان بەخێوى بکەن”، ئەو بەرپرسەى بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى کۆمەڵایەتى واى وت.
پێداچونەوە؛ وریا فەتاح