شەقامەکان رێکدەخرێنەوە
راگرتنى ئۆتۆمبیل لە شەقامە قەرەباڵغەکانى سلێمانى دەکرێت بە پارە
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئێستا شارەوانیی سلێمانی سەرقاڵی رێکسختنەوەى شەقامە قەرەباڵغەکانی سلێمانییە، بڕیارە لە شەقامە قەرەباڵغەکانیشدا راگرتنى ئۆتۆمبێل بکرێت بە پارە.
رێبین سامان فەوزی، ئەندازیارى بەشى نەخشەسازى و دیزاین لە شارەوانیی سلێمانی، لە بارەى رێکخستنەوەى شەقامەکانەوە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: رۆژانە تیمى شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ تیمێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەردەچن و سەرقاڵی دیراسەکردنی هەریەکە لە شەقامەکانی ئیبراهیم پاشا و تویمەلیک و هەواری تازە و ئۆرزدین، ئێستا دیراسەکردن و داتاکۆلێکشنی شەقامی سالم تەواو بووە.
“بەهۆى قەرەباڵغیەکەیەوە، کارەکان سەرەتا لە شاقامى سالمەوە دەستپێدەکرێت، بە شێوەیەک لە دووڕیانی سەرچنارەوە تا هۆتێل سلێمانی پاڵاس شۆستەکانی بکرێن بە یەک ئاست و یەک دیزاین، بەرز و نزمی تێدا نەبێت”، ئەو ئەندازیارە واى وت.
روونیشى کردەوە، مۆڵەتی هەندێک لە گەراجەکانی راگرتنی ئۆتۆمبێل نوێ نەکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی لە پلانەکەدا هەیە ژمارەیەک گەراجى چەند نهۆمی دروست بکرێن، کە توانای گلدانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلیان هەبێت.
راگرتنى ئۆتۆمبێل دەکرێت بە پارە؟
لە وەڵامى ئەو پرسیارەى 964دا، رێبین سامان فەوزى وتى، “لە پڕۆژەکەدا دانانی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە قەرەباڵغەکان دەکرێت بە پارە، ئەوەش بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو شەقامانە نەوەستێت و قەرەباڵغی کەمبکرێتەوە”.
لە دیزاینی شەقامەکاندا، رێڕەو بۆ خاوەن پێداویستە تایبەتییەکان و پایسکل بوونی دەبێت، لە بەشی ناوەڕاستی شەقامەکەدا هێڵی گواستنەوەی گشتی دادەنرێت، کە پێی دەوترێت سیستمی VRT، پاس لە کاتی دیاریکراوەی خۆیدا دەگاتە لای هاوڵاتیان، ئۆتۆمبێل نابێت بچێتە سەر رێڕەوەکەی.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح