ئەی پردە کۆنەکە چی لێ دێت؟

پردە نوێیەکەی دەربەندی رانیە بەرەو تەواو بوونە

+964

ژێوار خدر – راپەڕین

پردە نوێیه‌کەی رانیە زۆرینەی کارەکانی کۆتایی هاتووه‌ و پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی نوێدا هاوڵاتیان بتوانن بەکاری بهێنن، پرده‌ كۆنه‌كه‌ش ده‌كرێته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری.

محەمەد ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی رانیە بە 964ـی وت، ئێستا %87 بۆ %90ـی کارەکانی پردەکە تەواو بوون، ئەوەی کە کارە زەحمەتەکە بوو، سەرخستنی گێردەرە ئاسنەکان بوو، ئێستاش ئەوە تەواو بووە.

محەمەد ئەحمەد، ئەوەشی روونکردەوە، درێژیی پردەکە خۆی 420 مەترە و بە نزیکەی 340 مەتری کۆنکریت کراوە.

“تەنیا کاری رووناککردنەوەی ماوە و پێشبینیی دەکەین تەواوی کارەکان لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی نوێ کۆتاییان بێت و پردەکە بەردەست بێ بۆ هاتوچۆ کردن”، محەمەد ئەحمەد وا ده‌ڵێت.

سەبارەت بە پردە کۆنەکە، ئەندازیارەکە ده‌ڵێت، “پردەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ لانابرێت، وەک پردێکی پیادەڕۆیی بەکاردەهێنرێت و چەند کافتریا و چێشتخانەیەکی لێ دروست دەکرێت و وه‌ك شوێنێکی گەشتیاری سوودی لێ دەبینرێت”.

پردی نوێی دەربەندی رانیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، قەزای پشدەر و بیتوێن بە بنگرد و بناری کۆسرەتەوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەی (420) مه‌تر و بەرزیی 21 مەتر و پانیی 15 مەترە، بڕی زیاتر لە (12) ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە مەترسى لەسەرە

پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە مەترسى لەسەرە