حاسڵاتی ئەم بەیانییە
سنوار: شەڕ درێژە دەکێشێت
964+
ژووری هەواڵ
رۆژنامەی هائارێسی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: 61%ی ئەوانەی لە غەزە کوژراون مەدەنین، ئەمەش گەورەترین رێژەیە لەوەتەی ئیسرائیل و فەلەستین لە ناکۆکیدان، ئەمەش مانای ئەوەیە لە کۆی 18 هەزار کوژراو، 11 هەزاریان سڤیلن.
یەحیا سنوار بەرپرسی یەکەمی حەماس لە غەزە بە تیمی ناوبژیوانی میسری وتووە: شەڕ بەم نزیکانە لە غەزە کۆتایی نایەت و درێژە دەکێشێت.
ناتەنیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی چەکدارانی حەماس کردووەو دەڵێت، کۆتایی شەڕ نزیکەو خۆتان بدەن بەدەستەوە، لەپێناو سنوار خۆتان بە کوشت مەدەن.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەم بەیانییە چوار سەربازیان لە غەزە کوژراوە، بەمەش کۆی ئەو سەربازانەیان کە لەشەڕدا کوژراون گەیشتە 102 سەرباز بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئەو 14 موشەکی تانکەی بە ئیسرائیلیان فرۆشتووە، تەنیا بەشێکی کەمە لەو چەکەی دەیدەنە ئیسرائیل، داواشیکرد کۆنگرێس زوو رەزامەندی بدات بۆ خەرجکردنی 100 ملیار دۆلار بۆ کۆمەکی ئیسرائیل و ئۆکرانیا.
بڕیار بوو حکومەتی ئیسرائیل کۆمەک بۆ دەسەڵاتی فەلەستین بنێرێت، بەڵام ئەمڕۆ کۆبوونەوەی حکومەتە بچوککراوەکە کۆتایی هات بێ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک لەبارەی ناردنی کۆمەکەکە.