97 خانوو و هەیکەل روخێنراون

لە دەوروبەرى سلێمانى رێگە بە دروستکردنى خانوو نادرێت

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە دەوروبەرى سنورى شارى سلێمانى رێگە بە هاوڵاتییان نادرێت باخ و خانو دروست بکەن، هەر کەسێکیش دروستى بکات رووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە و لێى دەڕوخێنرێت.

کاروان محەمەد، یەکێکە لەو هاوڵاتییانەى لە گوندى کانى پیرەى سنورى سلێمانى، لە کاتى دروستکردنى خانوو لە زەوییەکەیدا، شارەوانى سلێمانى دەستگیرییان کردووە، بە 964ى وت، “بە مەرجى روخاندنى خانوووەکەم ئازادییان کردووم”.

هەر لە گوندى کانى پیرە، عەبدوڵا مەحمود دانیشتوانى گوندەکە، خانویەکى هەیکەلى کڕیوە و لە کاتى ئیشکردن بۆ تەواوکردنى خانووەکە دەستگیر کراوە، ئەو بە 964ى وت،” ئێستا کێشەکە لە دادگادایە و دەڵێن، دەبێت بیڕوخێنیت و خۆڵ و خاشاکەکەشی فڕێ بدەیت”.

لە مانگی رابردوودا رێگری لە پێنج زیادەڕەوی کراوە لە ناوچەی قولەرەیسی، دەستیشگیراوە بەسەر سەرجەم ئەو ئامێرانەی کاری پێکراوە.

عوسمان عارف بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی بە 964ی وت، “لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە ئاگادار کراونەتەوە، نابێت لە زەوی گوندەکانی دەوروبەری سلێمانی خانو دروست بکرێت، لەبەر ئەوەی سنوری ماستەرپلانی شارن”.

بڕیارەکە، هەریەک لە زەویەکانی قولەرەیسی، گوندی مەلا داود، سەر چەمی قلیاسان، چەق چەق، کانی شینکە، کەنە سورە، کانی گۆمە، بەردەکەڕ، سەماوات و فەرەج ئاوا، دەگرێتەوە و لە سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانیدان.

بەگوێرەی ئامارێکی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانی سلێمانی کە بە 964 دراوە، لەماوەی ئەمساڵدا 97 خانوو و بناغەی خانوو روخێنراون، ئەو ژمارەیە لە سنووری شارەوانیەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و سەنتەری شاری سلێمانی بوون.

پێداچونەوە؛ وریا فەتاح

زێدەڕۆییەکانی شەقامی سەهۆڵەکە لادەبرێن

زێدەڕۆییەکانی شەقامی سەهۆڵەکە لادەبرێن