لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان - 964
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ باس باسی موچە بووە
ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە کۆتایی بە نادادی بەرامبەر موچەخۆران بهێنرێت
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات بە “پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان” و دەڵێت، لە دانوستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی موچەی هەمو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6.12.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆکرا لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم و ئەنجامی چوونی شاندی دانوستانکار بۆ بەغدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ شاندی هەرێم، حکومەتی عێراق پێشنیاریکردووە کە مانگانە 944 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە دەکاتە 11 تریلیۆن دینار بۆ ساڵێکی دارایی.
حکومەتی هەرێم ئەم پێشنیارەی بەغدای بەدڵ نییە و دەڵێت، “ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە، پێویستە چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر موچەخۆرانی هەرێم نەکرێت”.
شاندی دانوستانکاری هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بوون، وتویانە، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا دروستبووە سەبارەت بەوەی کە موچەی موچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناکۆکیی سیاسی و پابەندییەکان جیابکرێتەوە و دەبێت بڕە پارەکانی هاتوو لە خشتەکانی بودجە، وەک خۆی خەرج بکرێت.
“ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم”، حکومەتی هەرێم وا دەڵێت.
حکومەتی هەرێم دەشڵێت، “هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ هەرێم، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە”.