دیمه‌نێكی یه‌كتربڕى نێوان هه‌ریر و لۆفه‌كانى سپیلك.. وێنه: له گۆگڵ ماپ وه‌رگیراوه
دووسایدكردنى لۆفه‌كان جارێ ماویه‌تى
هه‌ریر تاوه‌كو لۆفه‌كانى سپیلك ده‌كرێته دووساید
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له قایمقامییه‌تى قه‌زاى هه‌ریر، پلانێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌ندى قه‌زاكه بۆ یه‌كتربڕه‌كه‌ى لۆفه‌كانى سپیلك بكرێته دووساید و قایمقامیش ده‌ڵێت، زۆربه‌ى رێكاره‌كانى ئه‌م پڕۆژه‌یه ته‌واو كراون.
وا بڵاوكرایه‌وه كه لۆفه‌كانى سپیلك وه‌ك به‌شێكی رێگاى سه‌ره‌كى هامڵتۆن بكرێته دوو ساید، به‌ڵام شێروان جه‌لال به‌گ قایمقامی قه‌زاى هه‌ریر، بۆ 964 ئه‌وه‌ى ره‌تكردووه كه مه‌به‌ستیان له باسكردنى دوو سایدكردنه‌كه، لۆفه‌كانى سپیلك بووبێت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، دووسایدكردنه‌كه له گوندى “گوله‌ك”ى سنووره‌كه‌یان ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ده‌گاته یه‌كتربڕى لۆفه‌كانى سپیلك، كه درێژییه‌كه‌ى زیاتر له پێنج كیلۆمه‌تره.
وتیشی “رێكاره‌كانى وه‌ك ده‌رخسته و كه‌شف بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه ته‌واوكراون و چاوه‌ڕێی دابینكردنى بودجه‌ین بۆ ده‌ستپێكردنى”.
به‌قسه‌ى قایمقام، دووسایدكردنى لۆفه‌كانى سپیلكیش له پلانى حكومه‌تدا هه‌یه، به‌ڵام پڕۆژه‌یه ستراتیژییه و هه‌روا به ئاسانى ناكرێت و پێویستى به بودجه‌ى زۆر و كاتی زیاتره.
رێگاى هامڵتۆن كه له ساڵانى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو دروستكراوه، ناوه‌ندى هه‌ولێر به ده‌روازه‌ى سنوورى حاجى ئۆمه‌ران ده‌به‌ستێته‌وه، زۆربه‌ى به‌شه‌كانى ئه‌م رێگایه به‌دووساید كراون، به‌ڵام ئه‌و به‌شانه‌ى كه سه‌ختن جارێ نه‌تواندراوه كارى دووسایدكردنى تێدا بكرێت، یه‌كێك له‌و به‌شانه‌ش لۆفه‌كانى سپیلكه كه له نزیكترین خاڵدا هه‌ردوو قه‌زاى هه‌ریر و خه‌لیفان، به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه .