بووه به رۆتین
لە نزیک فڕۆكه‌خانه‌ی هەریر دەنگی تەقینەوە بیسترا
964+
ئاكام غه‌فور
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 6.12.2023 خەڵکی هەریر گوێبیستی دەنگی تەقینەوەیه‌ك بوون، هێزه ئه‌منییه‌كانیش زانیاریمان نییه.
تا ئێستا روون نییە دەنگی تەقینەوه‌كه هێرشی درۆن بووه بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ریر یان شتی دیكه بووە، بەڵام 964 پەیوەندی بە چەند دانیشتوویه‌کی هەریر کرد، هەموویان باسیان لەوەکرد گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوونە.
شایه‌تحاڵێکیش کە نزیکی فڕۆكه‌خانه‌كه‌یه، بە 964ـی وت، “گوێبیستی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بووین، بەڵام هیچ دوکەڵ و ئاگرێک نەبینراوە، ئەوەندەی من بینیم لە تەنیشت فڕۆكه‌خانه شتێک کەوت و نەگەیشتە ناو خێمە و بینایەکان”.
هاوڵاتییه‌كی دیكه له هەریر بە 964ـی وت، “گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بوو، بەڵام ناو فرۆكه‌خانه ئارامە و جگە لەو دەنگە هیچیتر نه‌بووه”.
سەرچاوە ئەمنیەکانی شارەکەش به 964یان وت، زانیاری‌یان نییە و تا ئێستا لە هیچ شتێک ئاگادار نین.
ئه‌م هێرشه دوای ئه‌وه دێت، ئه‌مڕۆ سه‌رله‌به‌یانی گرووپی “مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق” رایانگه‌یاند هێرشیان كردووه‌ته بنكه‌ی عه‌ینولئه‌سه‌د له ئه‌نبار.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا