لە سلێمانی کرێکارێک بە کارەبا گیانی لەدەستدا

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، کرێکارێک لە شاری سلێمانی بەهۆی تەزووی کارەباوە لەسەر کارەکەی گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە لە گوندی کانی شینکە بووە لە نزیک نەخۆشخانەی شۆڕش لە بەشی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو کەسە خەریکی کاری تەختەبەستن بووە بۆ سەقفی خانوویەک، بەڵام کارەبای نیشتیمانی هاتووەتەوە و ئەویش بەر سیمی کارەبا کەوتووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شۆڕش گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، “ئەو کوڕە تەمەنی 26 ساڵە و لە لێکۆڵینەوە بەردەوامین تا ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە ئاخۆ ئەو کەسە خێزاندارە یاخود نا”.

بەپێی ئامارەکانی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان کە بە 964 دراوە، تەنیا ئەمساڵ سەروو 20 کرێکارەوە لەسەر ئیشەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: تونا نەقی