لە سنووری مەخمور
فەرماندەیەکی سەربازی: داعش هێرشی کردووە و کوژراو هەیە
964+
توانا نەقی
لە سنووری ناحیەی قەراجی سەر بە مەخموور، چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی سوپای عێراق و بەپێی زانیارییەكان کوژراو هەیە.
هێرشەکە لە سنووری گوندی گۆڵتەپە لە ناحیەی قەراجی قەزای مەخمور روویداوە.
غازی فەیسەڵ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخشی چیای قەرەچوغ بە 964ـی وت، هێرشەکە ئەم بەیانییە بووە و تا ئێستا سەربازێک کوژراوە نازادرێت چەند کەس بریندارە.
وتیشی، هێزێکی زۆری ئەوان و سوپای عێراق لە شوێنەکەن و تەنانەت فرۆکەی جەنگیش بە ئاسمانی شوێنەکەوەیە و خێزانێکی کوردی گەمارۆدراویان رزگار کردووە.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوەکرد، چەکدارەکانی داعش ئێستا لە دوو خانوودان و بەرگری دەکەن بەڵام بەو پێیەی هێزێکی زۆر لەوێیە شەڕەکە کۆنترۆڵدەکرێت.
كاتژمێر 11:15 دەقیقەی شەوی رابردووش چەكدارانی داعش لە سنووری دوو گوندی ئەم ناحیەیە هێرشیان ئەنجامداوە.
لە هێرشەکەی دوێنێ شەدا دوو سەربازی عێراقی بریندار بوون.