دوای ئەو هەولێرە
سلێمانی زۆرترین رووبەری دارستانی دەستکردی هەیە
964+
پێشەوا محەمەد
پارێزگای سلێمانی بە 35 پڕۆژە زیاتر لە 15 هەزار دۆنم زەوی دارستانی دەستکردی هەیە لە کۆی 35 هەزار و 475 دۆنم زەوی کە لە هەرێمی کوردستان دروست کراوە.
بە پێی ئامارێک، کە 964 لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوانی وەزارەتی کشتوکاڵەوە وەری گرتووە، لە پارێزگای هەولێر بە 27 پڕۆژە هەشت هەزار و 989 دۆنم و دهۆک بە 37 پڕۆژە هەشت هەزار و 68 دۆنم و هەڵەبجە بە نۆ پڕۆژە هەزار و 905 دۆنم و گەرمیان بە شەش پڕۆژە خاوەنی 531 دۆنم زەوی دارستانی دەستکردن.
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، دارستانە دەستکردەکان بۆ وەزارەتەکەیان زۆر گرنگن و بەردەوام هەوڵی فراوانکردن و زیادکردنیان دەدەن.
ناوبراو بە پێویستی دەزانێت، هەموو هاوڵاتیانی کوردستان ئەو دارستانانە بپارێزن چونکە ئەو بە سییەکانی هەرێمی کوردستان ناویان دەبات.
964 هەر لەو بەڕێوەبەرە گشتییەوە دەزانێت، ئەو دارستانانە نزیکەی چوار ملیۆن داریان تێدا ڕوێندراوە.