لافاو زیانى پێگهیاندبوو
دوای 10 رۆژ قوتابخانهكهى لانە سيتی خاوێنکرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دواى ئهوهى 10 رۆژ لهمهوبهر بەھۆی دروستبونی لافاو لە پرۆژەی لانە سیتی قوتابخانەكهی زیانى بهركهوت، ئەمڕۆ پێنجشەممە خاوێنکرایەوە.
رۆژی20.11.2023 بەھۆی شەپۆلێکی بەھێزی باران بارین، لە کەلار لافاو دروستبوو، جگە لە زیان گەیاندن بە چەند ماڵ و ئۆتۆمبێلێک، قوتابخانەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لانە سیتی لە کەلار زیانی بەرکەوت.
ئازاد ئەحمەد یەکێک لە دانیشتوانی پرۆژەکە بە 964ى وت، قوتابخانەکەیان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، رەحلە، دەرگا و ژووری مامۆستایان و قەنەفە و دۆڵابەکان ھەمووی تێکچوون.
وتیشی “کتێبی قوتابیان ھەمووی تەڕبووە و بە کەڵکى خوێندن نهماون”.
ئاماژهى بهوهش كرد، بەھۆی بایکۆتەوە قوتابخانەکە دەوامی تێدا ناکرێت، بهڵام مامۆستا و قوتابی و بەشێک لە دانیشتوانی پرۆژەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دەستیانکرد بە خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکە و فڕێدانی ئەو کەرەستانەی کە بەکەڵک نەمابوون.
بهقسهى ئهم هاوڵاتییه، بەھۆی بوونى کێشه لەنێوان دانیشتوانی پرۆژەکە و کۆمپانیای جێبەجێکار، کەس ئاماده نهبوو قوتابخانهكه خاوێن بكاتهوە.
وهك ئهوهى 964 بینیویهتى، پۆلەکانی ئهم قوتابخانەیە لە کابینە دروستکراون و بەھۆی لافاوەکەوە بەشێکی کابینەکان تەقیوون.
بەرپرسانی قوتابخانەکە، زەرەر و زیانەکانی قوتابخانەکەیان کردووە بە لیستێک و ئاڕاستەی پەروەردەی کەلاریان کردووە، بۆ ئەوەی قوتابخانەکە نۆژەنبکرێتەوە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن