حاسڵاتی ئەم بەیانیە

ئیسرائیل و حەماس تەرم دەگۆڕنەوە

964+

ژووری هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند: بۆ ماوەی یەک رۆژی تر ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژکراوەتەوە، ئەمڕۆش کۆمەڵێک دیل دەگۆڕنەوە.

ئەم بەیانییە غەزە ئارام بوو، بەڵام لە قودس دەنگی تەق و تۆق بیسترا، دوو چەکدار لە وێستگەیەکی پاسی ناوچەی راموتی قودس تەقەیان لەچەند ئیسرائیلییەک کردووە، دوان کوژراون و هەشتی تر بریندارن.

وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل دەڵێت: ئەوانەی لە قودس تەقەیان کرد سەر بە حەماسن، ناکرێت لە غەزە داوای ئاگربەست بکەن و لە قودس شەڕ بکەن، رادیۆی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: تەقەکەرەکان پێشتر لە زیندانی ئیسرائیلدا بوون و ئازادکراون.

رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرنۆتی ئیسرائیلی نوسیوێتی: رەنگە ئاڵوگۆڕێکی جیاواز بچێتە ناو مەرجەکان ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیلەوە، ئەویش گۆڕینەوەی تەرمی کوژراوەکانە، ئیسرائیل لانی کەم سێ تەرمی سەربازەکانی لای حەماسە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت: هەرچەندە واشنتۆن داوای ئاگربەست دەکات، بەڵام بە تەواوی پشتیوانی ئیسرائیلە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕو لەناوبردنی حەماس.

رێکخراوە فەلەستینییەکان دەڵێن: ئیسرائیل لەبەرامبەر هەر دیلێک کە ئازادی دەکات 10 کەسی تر دەستگیر دەکات، تەنیا لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لەکەناری خۆرئاوا نزیکەی 3300 کەسی دەستگیرکردووە لەنێویاندا 125 ژن و 125 منداڵ هەن.