نزیکەی 900 بەڵێندەر مایەپووچ بوون

بەڵێندەرانی سلێمانی: ئێمەش دەچینە بەغدا

964+

پێشەوا محەمەد

بەڵێندەرانی سلێمانی جارێکی دیکەش دەنگیان بەرزکردووەتەوە، دەڵێن حکومەت 70 ملیۆن دۆلاریان قەرزارە و ئەگەر وەریشی نەگرنەوە ئەوا وەک مامۆستاکان رێگای بەغدا دەگرنەبەر.

بە پێی زانیارییەکانی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی، کە بە 964 دراوە، ماوەی 10 ساڵە حکومەت ئەو پارەیە قەرزدارە و نەیداونەتەوە.

“نزیکەی 900 بەڵێندەر مایەپووچ بوون و بارودۆخی بەڵێندەران لەوپەڕی خراپیدایە، چەندان جار قسەمان کردووە و سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکمان وەرنەگرتووەتەوە”، ئەوە قسەی ئالان کوێخا کەریم، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانییە بۆ 964.

وتیشی، “لیژنەیەک لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێکهێندرابوو بۆ مەسەلەی کێشەکانمان بەڵام هەڵوەشاوەتەوە و هۆکارەکەشی نازانین”.

کۆمەڵەکە نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای لا ناونووس کراوە، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەکە 80%ـیان مایەپووچ بوون.

“ئەو پڕۆژانەی پارەکانیان لەسەر پتڕۆدۆلار بووە بارودۆخیان لەوانی دیکە خراپترە، چونکە ئێستا نازانن پارەکانیان لای کێیە”، ئالان کوێخا کەریم وای وت.

دەشڵێت، ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە رێگای بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەگرنەبەر.

وەبەرهێنانی سلێمانی هۆشداری دەداتە پڕۆژەکان

وەبەرهێنانی سلێمانی هۆشداری دەداتە پڕۆژەکان