ژنێک لە گرتوخانەی چاکسازی دهۆک گیانی لەدەستدا

964+
ژوورى هه‌واڵ

ئەم پێشنیوەڕۆیە ژنێک لە گرتووخانەی چاکسازی ژنانى دهۆک گیانی لەدەستدا، دەڵێن نەخۆشی کوشندەی هەبووە.

ژنەکە لە چل ساڵەکانی تەمەنیدایە و پێش ماوەیەک پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە تووشی شێرپەنجە بووە و لە قۆناغێکی مەترسیداردا بووە، هەموو ئەم زانیاریانە 964 لەسەرچاوەیەکی ناو گرتوخانەکەوە دەستی کەوتووە.
ئەو سەرچاوەیەک کە ئاگاداری نەخۆشی ژنەکەیەو خۆی داوایکرد ناوی نەهێندرێت بە 964ی وت ”هەفتەی رابردوو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە هەولێر و پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی بۆ کردووە و بێهیوا بووە لە چارەسەری”.

ژنەکە دایکی چوار منداڵە و بەقسەی سەرچاوەکە ماوەی حوکمەکەی زۆر بووە، بەڵام تەنیا ساڵێکی تەواو کردووە و گیانی لەدەستداوە.

هەر ئەمڕۆ لە چاکسازی ژنانەوە تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک.

رزگار تاهیر، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵانی دهۆک زانیاری گیان لەدەستدانی ژنەکەی بۆ 964 پشتراست کردەوە و وتی ”گیانی لەدەستداوە، بەڵام من وردەکاری حوکمەکەی ئاگادار نیم ”.