300 دەفتەرمان داوە
حانوتچییەکان داوای پارەکەیان لە پەروەردە دەکەنەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
نوێنەری حانوتچییەکانی سلێمانی چوونە بەردەمی پەروەردەو دەڵێن ئەو پارەیەی کە داومانە بماندەنەوە، چونکە دەوام نەکرایەوەو زەرەری زۆرمان کردووە.
کەمێک پێش ئێستا نزیکەی 30 کەس لەوانەی فرۆشگای قوتابخانەکانیان بەکرێگرتووەو حانوتچییان پێدەڵێن لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی کۆبوونەوە، خۆیان دەڵێن نوێنەرایەتی 400 کەس دەکەن لەوانەی حانوتەکانیان بەکرێگرتووە.
هیدایەت عەلی وەک نوێنەری حانوتچییەکان خۆی بە پەیامنێری 964 ناساند، دەڵێت ”کەلوپەلێکی زۆرمان کڕیوەو ئێستا بەسەرچووە، ئەو کات دۆلارمان کردووە بەدینار هەر زەرەرمان کردووە، 15 ملیۆنیشمان داوە بە پەروەردە، ئەویش هەر هیچ”.
حانوتچییەکان دەڵێن ئەو پارەی لێیان وەرگیراوە بۆ کرێی ساڵانەی حانوت لە نێوان 15 بۆ 55 ملیۆن دیناردایە، بە تێکرا سێ ملیۆن دۆلاریان داوە بە پەروەردە.
دوانی تر لەو حانوتچییانە کە هەر لەناو قەرەباڵغییەکە بوون بە پەیامنێری 964یان وت بەهۆی ئەوەی کە پارەیان لای پەروەردەیەو دەوام نەکراوەتەوە زەرەری زۆریان کردووە، یەکێکیان وتی ”قەرار بوو 13ی نۆ دەوام بکرێتەوە، ئێمە پارەمان داوە بەشتێک کە نییە”.
هەموو ئەوانەی لەوێن دەڵێن دەبێ پەروەردە پارەکەیان بداتەوە.
پەیامنێری 964 نەیتوانی رای پەروەردە بزانێت ئاخۆ ئەو بڕە پارەیەی باسی دەکەن تەواوە یان نا، یاخود چۆن کێشەکەیان چارە دەکرێت.