هاوڵاتیانیش هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن

هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی سەر کارەبای پێنجوێن دەستیپێکرد

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای راگەیاندراوەکەی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن، ئەمڕۆ هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر کارەبای پێنجوێن دەستیپێکردووە و بڕیارە تیمەکان تەواوی قەزاکە بگەڕێن.

دوای ئەوەی دەستەی رێکخەرانی خۆپیشاندانی پێنجوێن رۆژی هەینی رایانگەیاند، لە رۆژی 29.11.2023 خۆپیشاندان دژی بڕینی کارەبا ئەنجامدەدەن و وەک چارەسەرێکیش داوایان کرد، هەموو زیادەڕۆییەکانی سەر کارەبای قەزای پێنجوێن لاببرێت.

زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی لە قەزای پێنجوێن دەستیپێکردووە و تیمەکانیان رۆژانە و بە شێوەیەکی بەردەوام بەسەر هەموو قەزاکەدا دەگەڕێن تا زیادەڕۆیی لە کارەبادا لە قەزاکەدا چارەسەر دەکرێت.

وتیشی، چاوەڕێ دەکەن تا تیمەکانیان لە کارەکانیان تەواو دەبن و دواتر راپۆرتی کارەکانیان لێ وەردەگرن.

بەهادین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هۆبەی چاککردنەوەی کارەبای قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی تاک بە تاکی ماڵەکانی پێنجوێن دەگرێتەوە و لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەشدا سێ سەرپێچیان تۆمارکردووە و یەک کەسیش دەستگیرکراوە، کە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا بووە.

وتیشی، هەڵمەتەکە گشتگیرە و لیژنەی قایمقامیەت و پۆلیس ماڵەکان دەگەڕێن و سەربان و ژوور و ژێر زەمینەکانیش دەگەڕێن بۆ بڕینی کارەبای زیادەڕۆ.

ماوەی مانگێک دەبێت رۆژانە دوو تا شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی قەزای پێنجوێن دەبڕدرێت و هاوڵاتیانی قەزاکە بەهۆی نەبوونی جێگرەوەیەک بە تەواوی نیگەران بوون لەو دۆخە، دەستەی رێکخەرانی خۆپیشاندانی پێنجوێنیش رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

قەزای پێنجوێن سەر بە سلێمانیە و کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری بۆ دابینکراوە، ساڵی رابردووش بەهۆی بڕینی کارەباوە ماوەی چوار رۆژ خۆپیشاندان ئەنجام درا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

پێنجوێنییه‌كان چاودێریی دۆخى كاره‌باكه‌یان ده‌كه‌...

پێنجوێنییه‌كان چاودێریی دۆخى كاره‌باكه‌یان ده‌كه‌ن