رێگە نادرێت یاریی تێدا بکرێت

یاریگەی یانەی خانەقین بە کەڵکی هیچ نەماوە

+964

راژان باجەڵان – خانەقین

یاریگەی یانەی خانەقین کە ناسراوە بە (تەیارە خانە ) و هەمان کاتیش پێی دەڵێن یاریگەی ( حوسێن مەنسووڕ) ئیتر بە کەڵکی یاری نایەت و یانەی خانەقین پێویستە یارییەکانی بگوازێتەوە کەلار

رەعەد سەوزە سەرپەرشتیاری ئیداری یانەی خانەقین بە 964ی وت ، یاریگەکە بە کەڵکی هیچ نایەت و هیچ یارمەتییەک نادرێن بۆ چاککردنی یاریگەکە و یانەی خانەقین لە هەردوو خولی عێراق و کوردستانیش بەشدارە، کەچی یاریگەیەکی نییە و لە بارێکی دارایی زۆر خراپدایە.

هەروەها وتی لیژنەیەک لە خولی کوردستان کە سەردانی یانەی خانەقینیان کرد، پاش بینینی زەوی یاریگەکە، بڕیاری ئەوەیان دا هیچیتر یاری لەم شوێنە ناکرێت و سەرجەم یارییەکان دەگوازرێنەوە بۆ یاریگەکانی کەلار

یاریگەکە پێویستی بە چاککردنەوەی زەوییەکەی هەیە، هەروەها شوێنی دانیشتنی جەماوەریش لە بارێکی زۆر خراپدایە، جگە لەوە کارەبایشی تێدا نەماوە و رەنگ و رووی خراپ بووە و تەواو وێران دیارە

یاریگەکە لە ساڵی 1961 بنیاد نراوە و یانەی خانەقینیش لە ساڵانی 1975 دامەزراوە، هەر لەو مێژووەوە حەز و ئارەزوی وەرزش لەم ناوچەیەدا هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ پشتگیرییەک ئێستا یانەکە بە خراپترین رۆژەکانیدا دەڕوات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خانەقینییەکان بۆ هەرێم و ناوەند: ئیهمالمان مەکەن

خانەقینییەکان بۆ هەرێم و ناوەند: ئیهمالمان مەکەن