"پارەیەکی زۆر لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت"

ئەم مانگە مۆلیدەی گەرەکەکان چەند کاتژمێر کارەبایان داوە؟

964+

فەهمی نەبی

چەند رۆژێکە کارەبای نیشتیمانی کەم بووەتەوە و کارەبای مۆلیدە بووەتە جێگرەوەی، سۆراغێکی 964 دەریدەخات لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی ئەم مانگە پارەیەکی زۆر دەکەوێتە سەر هاوڵاتیان.

خۆران خۆرانی سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەم چەند رۆژە کارەبای نیشتیمانی لە نێوان سێ تا پێنج سەعات هەبووە، هێشتا سەری مانگ نەهاتووە لە زۆربەی گەرەکەکانی هەولێر 225 کاتژمێر کارەبا دراوە ،بەراورد بەمانگی رابردوو زۆر زیاترە، ئەمەش وا دەکات ئەمپێری زیاتر لە 14 هەزار دینار بێت.

سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی هەولێر ئەوەش دەڵێت، لە هەولێر کار بە چوار جۆر خشتەی کارپێکردنی مۆلیدە دەکرێت، لە 6:30ی بەیانی تا 8:30ی بەیانی لە 1:00ی دوای نیوەڕۆ بۆ 1:00ی شەو. ئەمەیان باوترین خشتەیە.

لە سلێمانی دۆخەکە جیاوازە

خشەی پێدانی مۆلیدە لە 6:00ی بەیانی بۆ 8:00 دەبێت، دواتر لە 12:00ی نیوەڕۆ تا کاتژمێر 1:00ی شەو دەبێت، لە سلێمانی تا دوێنێ پێنجشەممە مۆلیدەکان 160 کاتژمێر کارەبایان بە هاوڵاتیان داوە، ئەمە بەراورد بە مانگی رابردوو زۆر زیاترە، بەڵام بەراور بە هەولێر کەمترە.

تارق سەمین سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی سلێمانی بە 964ی وت، هەبوونی کێشە لە دانەغاز و هاتنی سەرما دوو هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانین.

دهۆک حاڵی لە هەولێر باشتر نییە

هەکار هروری سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی دهۆک بە 964ی وت، ئەم چەند رۆژە بۆ هەر گەڕەکێک نزیکی 17 سەعات کارەبامان داوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زۆر زیادی کردووە و ئەم مانگە هەر ئەمپێرێک نزیکی 14 هەزار دینار دەبێت.