ئاڵوگۆڕی کولتووری دەکەن
هەرێمی کوردستان و لیبیا لە تونس کۆمەڵەی دۆستایەتی دادەمەزرێنن
964+
پێشەوا محەمەد
یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستان و لیبیا واژۆ کراوە و هاوسەرۆکێکی کۆمەڵەکە دەڵێت، ئەو کۆمەڵەیەی دایانمەزراندووە قازانج نەویستە.
رێکخراوی Center for International Legal Cooperationـی هۆڵەندی سەرپەرشتیی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی کردووە لە وڵاتی تونس.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە بە 964ـی وت، “کۆمەڵەیەکی مەدەنی، ناسیاسی و قازانج نەویست دەبێت و ئامانجی لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و رۆشنبیری و پەروەردەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و لیبیایە”.
وتیشی، “دەبێت هەنگاوی یەکەم بە ئاراستەی گرتنەبەری رێکارە یاسایی و کارگێڕێییەکان بێت بۆ تۆمارکردن و ناساندنی کۆمەڵەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن هەرێمی کوردستان و لیبیاوە”.
کۆمەڵەکە هاوسەرۆکێکی کورد و یەکێکی لیبی دەبێت.
“کۆمەڵەکە کاردەکات بۆ زیاتر لێک نزیککردنەوەی هەردوو گەلی کوردی و لیبی لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکیی کولتووری و هونەری و رۆشنبیری”، ئەوەش قسەی ئیبراهیم عەبدولمەجیدە.