ئەمشەو کۆتایی هات

كچانی رۆژهەڵات خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی شانۆی کەرکوکیان بردەوە

964+
كاروان ساڵحی – كەركوك

ئه‌مشه‌و “سێشه‌ممه‌ 21.11.2023” له‌ كه‌ركوك كۆتایی بە فێستیڤاڵی نێودەوڵه‌تیی شانۆی شەقام هات، كچانی رۆژهه‌ڵات خه‌ڵاته‌كانیان برده‌وه‌.

شه‌وی كۆتایی فێستیڤاڵه‌كه‌ لە هۆڵی سەنتەری رۆشەنبیری بە ئامادەیونی ژمارەیەك لە دەرهێنەر و هونەرمەندی كورد و عێراقی و ئێرانی به‌ڕێوه‌چوو.

هەوار فارس، سەرۆكی لیژنەی راگەیاندنی فێستیڤاڵەكە بە 964ی وت، فێستیڤاڵەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و لە لایەن لیژنەی دادوەرانه‌وه‌ ئەنجامەكان راگەیاندرا.
964 له‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان و به‌شێكی ئاهه‌نگی كۆتایی ئاماده‌بوو، تێیدا دوو كچی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوەكانی نادیە ئیلاهی به‌ پلەی یەكەم و نازیلە ئەمینی به‌ پلەی دووەم، خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچیان بەدەست هێنا، هەروەها دارا عزەدین خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی برده‌وه‌، مامۆستا لوقمان خەڵاتی باشترین بیرۆكەی بەدەست هێنا لە ژێر ناوی هزری نیشتمان.

له‌ باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی دیكه‌شه‌وه‌، زانكۆی سەڵاحەدین خەڵاتی باشترین شانۆی لەسەر ئاستی زانكۆكان بەدەستهێنا و باشترین بەرهەمی منداڵانیش بە ناوی كاتا و كاڵێ بۆ پارێزگای هەڵەبجە بوو.

حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام بۆ ماوەی سێ رۆژ له‌ كه‌ركوك بەردەوام بو، تێیدا 24 تیپی هونەری لە حەوت وڵاتەوە بەشدار بوون، ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە له‌ شاره‌كه‌دا به‌ڕێوەدەچێت .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بە دەهۆڵ و زوڕنا فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک دەستیپێ...

بە دەهۆڵ و زوڕنا فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک دەستیپێکرد