ئەگەر لێیان تێکنەچێت
دوور نییە ئەمڕۆ ئیسرائیل و حەماس رێکبکەون
964+
ژووری هەواڵ
ئەگەر هەموو شتێک وەک خۆی بڕوات ئەگەرێکی بەهێز هەیە ئەمڕۆ یا سبەی ئیسرائیل و حەماس بگەنە رێکەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی بەشێک لە دیلەکان و راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی.
میدیا جیهانییەکان دەڵێن هەردوو لایەنی ناکۆکییەکە نزیکن لە رێکەوتن، بەڵام لایەنی فەلەستینی لەوە دەترسێت لە دوا ساتەکاندا ناتەنیاهۆی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل پاشگەز ببێتەوە، چونکە دەڵێن پێشتر شتی وای کردووە.
قسەکە لەسەر ئەوەیە حەماس 50 دیلی ئیسرائیلی ئازاد بکات کە هەموویان ژن و منداڵن، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل 50 دیلی فەلەستینی ئازاد بکات.
ئەم بەیانییەش رۆیتەرز بڵایکردووەتەوە کە بەیاننامەیەکیان بەدەست گەیشتووە لە یاریدەدەرێکی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، هەنیە وتویەتی ”نزیکین لە رێککەوتن”.
بەرپرسەکەی حەماس دەڵێت وەڵامی قەتەرییەکان و نێوەندگیرەکانی تریان داوەتەوە و زۆریان نەماوە بگەنە سازان، بەڵام مەرجی حەماس ئەوەیە جگە لە گۆڕینەوەی دیلەکان ئاگربەست رابگەیەندرێت، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە تائێستا ناتەنیاهۆ ناچێتە ژێر باری.
پێشتریش جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا وتبووی رێکەوتن لە ئان و ساتدایە.
هێشتا وێنەکە روون نییە، چونکە لایەنی ئیسرائیلی رازی نەبووە، دوێنێش کەسوکاری گیراوەکانی ئیسرائیل بە توڕەیی کۆبوونەوەیەکیان جێهێشتووە، چونکە ناتەنیاهۆ و وەزیزری بەرگری ئیسرائیل پێیان وتوون ئازادکردنی دیلەکان ئامانجی یەکەمی ئەوان نییە، بەڵکو ئامانجی لە پێشینەی ئیسرائیل ئەوەیە حەماس لەناو ببات.