چیتر پارکەکانی قەزای شارەزوور بێناز نابن
+964
بڕوا مەجید – شارەزوور
رێکخراوی تەژنە لە قەزای شارەزوور ماوەی چەند ساڵێکە پاککردنەوە و نوێکردنەوەی فلێکسی پارک و باخچەکانی قەزاکەی دەسپێکردووە و لە ماوەی رابردوودا چەندین جار پاککردنەوە و چاککردنەوەی شکاوی رووناککەروەکانی پارکەکانیان ئەنجامداوە.
محەمەد کەریم، لێپرسراوی رێکخراوی تەژنە بە 964ـی وت، “رێکخراوەکەمان لە ساڵی 2012وە دامەزراوە و لە سەرجەم بوارەکان و بواری ژینگەدا کارمانکردووە، لە ئێستادا دەستمانکردووە بە نوێکردنەوەی فلێکسی سەرجەم پارکەکان، تائێستا فلێکسی سێ پارکمان نوێکردووەتەوە و لە چوارەم و پێنجەمداین”.
سەبارەت بەوەی بۆچی سەرۆکایەتی شارەوانی شارەزوور گرنگی بە پاککردنەوە و شکاوی پارکەکان نادەن، 964 پەیوەندیکرد بە چرۆ خالید، لێپرسراوی بەشی باخچەکان لە شارەوانی شارەزوور، ناوبراو وتی: “بەهۆی قەیرانی دارای و نەبوونی بودجەی پێویست لە ئێستادا شارەوانی شارەزوور ناتوانێت بەباشی گرنگی بە پارکەکان بدات”.
لەبارەی نوێکردنەوەی فلێکسی پارکەکانیش، چرۆ خالید وتی: “سوپاسی رێکخراوی تەژنە دەکەین کە بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانیمان هەستاون بە نوێکردنەوەی فلێکس و پاکردنەوەی باخچەکان، لە رابردووشدا چەندینجار هاوکار و پاڵپشتی بەشی باخچەکانیان کردووە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر