ئەمریکا سزای بەسەر گروپێکی چەکداری لە عێراق سەپاند

964+

ژووری هەواڵ

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر گروپێکی چەکداری لە عێراق سەپاند و دەڵێت، ئەو گروپە لەپشت هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان بووە.

ئەمڕۆ هەینی 17.11.2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای بەسەر شەش بەرپرسی ئەو گروپەدا سەپاندووە کە بە کەتایبی حیزبوڵای عێرق ناسراوە و پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خراوە نێو لیستی گروپە تیرۆرستییەکانەوە.

ئەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە پێنج کەسن، دووانیان پێکهاتوون لە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەو گرووپە، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، فەرماندەیەکی سەربازییە و لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران کاریکردووە بۆ راهێنانی چەکدارەکان کەتایبی حیزبوڵا، هەروەها بەرپرسێک لە سوپای قودس کە وەزارەتەکە دەڵێت ئاسانکاری بۆ گەشت و راهێنانی چەکدارانی گروپەکە کردووە لە ئێران.

“ئەم کارەی ئەمڕۆ پەیامێکە بۆ کەتایبی حیزبوڵا و هەموو گروپەکانی دیکەی سەر بە ئێران کە ئەمریکا هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە هەر لایەنێکی هەلپەرست کە هەوڵی ئیستغلالکردنی دۆخی غەززە بۆ ئامانجەکانی خۆیان دەدەن”، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وا دەڵێت.

لە سزاکاندا هاتووە کە دەستدەگیرێت بەسەر دارایی هەموو ئەم كەسانە لە ئەمریكا و ئەو ناوەندە بازرگانیانەی كە لە كۆنتڕۆڵی ئەمریكادان.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەر ناوەندێكی بازرگانی یان هەر بازرگانێك كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم كەسانەدا مامەڵەی بازرگانی بكات دەكەوێتە نێو لیستی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا.

لە 17ی ئۆکتۆبەر و لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لانیکەم 58 جار لە عێراق و سوریا هێرشکراوەتە سەر سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لەم هێرشانەدا زیاتر لە 59 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.