لە سنووری قەزای بەردەڕەش

لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش ئەندامی خێزانێک برینداربوون

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی رووداویکی هاتوچۆ لە رێگای گوندی گردەپان بۆ ناحیەی دارەتوو لە قەزای بەردەڕەش روویدا و بەهۆیەوە شەش ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون.

رائید شڤان عوسمان لە بەشی هاتووچۆی قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت، ئەمشەو بەهۆی زۆری باران لە ریگای گوندی گردەپان بۆ ناحیەی دارەتوو ئۆتۆمبیلێک لە جۆری بی ئیم دەبلیو وەرگەڕا و شەش ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون.

وتیشی، بریندارەکان باوک و دایک و چوار منداڵن، کە چواریان تەندروستیان باشە و دوویان تەندروستیان خراپە و هەموویان رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکرێ کراون.

نێچیرڤان فەخرەدین هەرکی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ـی وت، تەنیا یەک بریندار لە ئاکرێ چارەسەر وەردەگریت کە باوکەکەیە و منداڵێکی رەوانەی دهۆک کراوە بۆ چارەسەر و تەندروستی چوار کەسەکەی تر باشە و چارەسەریان وەرگرتووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی