بۆشایی ئەمنی هەیە

پێنج گوندی سنووری دوزخورماتوو مەترسیی چەکدارانی داعشیان لەسەرە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پێنج گوندی سنووری دوزخورماتوو، کە سەرجەمیان کوردنشینن کەوتوونەتە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە و مەترسی چەکدارانی داعشیان لەسەرە.

ئەو گوندانەی مەترسیان لەسەرە هەریەکە لە گوندەکانی قەڵا، دوڕاجی، قوم پەڵک، غەڕە و پەڵکانەیە، کەوتوونەتە دووریی 20 کیلۆمەتر لە قەزای دوخورماتووەوە.

مەريوان سلێمان، هاوڵاتیەکی گوندی دوڕاجیە لە ناوچەی داودە، بە 964ـی وت، “هەر لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2017-ەوە لە مەترسیدا ژیان بەسەردەبەین، بەجۆرێک شەوانە ناتوانین سەردانی هیچ لایەک بکەین، ئەوەش بەهۆی مەترسی چەکدارانی داعش و نزیکیان لە گوندەکانمانەوە”.

وتیشی، “چەندین جار داوامان کردووە هێزێک جێگیر بکرێت لە سنوورەکەمان بۆ ئەوەی سەروماڵمان پارێزراو بێت، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە و پشتگوێ خراوین و واش بڕوات دەبێت ناوچەکانمان جێبهێڵین”.

964 دەزانێت لە ماوەکانی رابردوودا چەند جارێک دانیشتوانی ئەو گوندانە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون.

محەمەد کەریم، ناسراو بە حەمە چەوری، جێگری فەرماندەی لیوای 144ـی هێزەکانی پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، دەزانن مەترسی لەسەر ئەو گوندانە و دانیشتووانەکەی هەیە، بەڵام چارەسەر رێککەتنی سوپای عێراق و پیشمەرگەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەوێ هەیە.

مەترسییەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئەو پێنج گوندە لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو ساڵە بڕیاری دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش دراوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و دوورخستنەوەی ترسی داعش، بەڵام هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ دەستبەکاربوونی ئەو هێزانە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکان.

لیژنە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی دوزخورماتوو پێک دەهێنرێ

لیژنە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی دوزخورماتوو پێک دەهێنرێ

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد