ئیتر پێویست ناکات بچنە رانیە

نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە لەدایکبوون و منداڵان لە قەڵادزێ دەکرێتەوە

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

بینای کۆنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ نۆژەن دەکرێتەوە و تایبەت دەکرێت بە نەخۆشخانەی لە دایکبوون و منداڵان.

نەخۆشخانەکە موڵکی وەزارەتی تەندروستییە و بەهۆی کۆنییەوە دەوامی تیادا نەدەکرا، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە بوو.

تاها محەمەد لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەدەتوانرا بینای تازە دروست بکرێت، بۆیە دەرخستەیەکی تەواو بۆ ئەو نەخۆشخانەیە کراوە، بۆئەوەی بتوانن بەکەمترین خەرجی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەمنداڵان و لەدایکبوون بکرێتەوە لە قەڵادزێ.

وتیشی، بەشێکی تایبەت بە لەدایکبوون و منداڵان لە نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ هەیە، بەڵام بچووکە و لە ئاستی دانیشتووان و فراوانی سنوورەکە نییە.

964 دەزانێت، هەندێک لە نەخۆشەکان بۆ چارەسەر کردن دەبێت رێگەیەکی دووتر ببڕن و دەچنە نەخۆشخانەی رانیە، بە کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیەی ئەو گرفتەی قەزای پشدەر چارەسەر دەبێت.

تەها محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی 14.11.2023رەزامەندی وەزارەتی داراییان وەرگرتووە بەگوژمەی یەک ملیار و 607 ملیۆن و 343 هەزار دینار بۆ وەرگرتنی تەندەر لەگەڵ کۆمپانیاکان تاوەکو پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

قەڵادزێ دوو خەزانی گەورەی ئاو دروست دەکات

قەڵادزێ دوو خەزانی گەورەی ئاو دروست دەکات