پلانی درێژخایەن و دورمەودا بۆپاراستن و گەشەکردنی سەوزایی و ناوەندەشەقامی دەروازەی شاری قەڵادزێ دادەنرێت. وێنە :964
بۆ گەشەی سەوزایی
قەڵادزێ دوو خەزانی گەورەی ئاو دروست دەکات
964+
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
پلانی درێژخایەن و دوورمەودا بۆ پاراستن و گەشەکردنی سەوزایی و ناوەندی شەقامەکانیی دەروازەی قەڵادزێ دادەنرێت، دوو خەزانی ئاویش بەو ئامانجە دروست دەکرێت.
بە گوێرەی ئاماری شارەوانیی قەزاکە، رێژەی سەوزایی لە سنووری شارەوانیی قەڵادزێ دەگاتە نزیکی 10%، بەڵام بە بڕی 100 ملیۆن دینار کە وەزارەتی دارایی بۆی تەرخان کردوون دەیانەوێت ئەو ژمارەیەش تێبپەڕێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12.11.2023، ئەندازیار ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “ئێستا کار لە دروستکردنی دوو خەزانی گەورەی ئاوی کۆنکرێتی، بە قەبارەی (250 بۆ 300) مەتر چوارگۆشە دەکرێت، بۆ پاراستن و گەشەکردنی سەوزایی پارک و ناوەندی شەقامی دەروازەی شار”.
قەڵادزێ دەبێتە خاوەنی چەندین ھێمای ھاتوچۆ
سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ ئەوەشی وت، “پارکی دەروازە و ئەو سەوزاییانەی لە ناوەندی شەقامەکان هەن، لەگەڵ باخچەی بەردەم زانکۆ و خەستەخانەی گەورەی شار، گرفتی پێگەشتنی ئاویان هەیە بە رێگەی قەترە یان راکێشانی بۆری بۆیان، کە بەشێکیان بەردەوام بە سۆندە و تانکی ئاو دراون”.
بە وتەی ئارام محەمەد، “بە دروستکردنی ئەو خەزانانە، گرفتی پێگەشتنی ئاو چارەسەر دەبێت، بە تایبەت لە وەرزی هاوین و کەمئاویدا، ئامانج لەو کارەش، گەشەی زیاتری سەوزاییە لە سنوورەکەدا، کە بە شێوەی راستەوخۆ لەلایەن لیژنەیەکی شارەوانییەوە گۆڕانکارییەکان جێبەجێ دەکرێن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا