100 ماڵی دانیشتووی ناحیەی زنانە کۆچیان کردووە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

کێشەی خراپیی کارەبای نیشتمانی، دانیشتووانی ناحیەی زنانەی هەراسان کردووە و بە پێی بەدواداچوونێکی 964، لە کۆی 110 ماڵی ناحیەکە تەنیا 12 ماڵی تێدا ماوەتەوە.

ئەحمەد حاجی محەمەد، هاوڵاتیەکی دانیشتووی ناحیەی زنانەیە و بە 964ـی وت، “نزیکە ساڵێکە کێشەی خراپیی کارەبا دانیشتووانی ناحیەکەی نیگەران کردووە و چەندین جار سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، جگە لە بەڵێنی بێ کردار، هیچ سوودێکیان پێنەگەیاندووین”.

وتیشی، “جگە لەوەی کارەباکەمان بە کەمی دێت، کاتێ دێتەوە هیچ سوودێکی لێ نابینین، چونکە هیچ ئامێرێکی پێ ئیش ناکات و چەند جارێک ئامێرە کارەباییەکانیشمان سووتاون”.

ناحیەی زنانە سەر بە قەزای کفرییە و دەیان گوندی لەسەرە.

ئالان ئەرکان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەشی کارەبای گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری کێشەکەن، بەڵام چەندین جار دەرخستەیان ناردووە بۆ وەزارەتی کارەبای هەرێم و تا ئێستا رەزامەندی نەدراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خراپیی کارەبای ناحیەکە.

“بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستمان بە راکێشانی هێڵێکی 11 کەیڤییە بۆ سنوورەکە، چونکە شوێنەکە دوورە و لۆدی زۆری لەسەرە”، ئەوەش قسەی ئالان ئەرکانە.

کێشەی وێستگە نوێکەی کارەبای گەرمیان چارەسەر دەکرێت

کێشەی وێستگە نوێکەی کارەبای گەرمیان چارەسەر دەکرێت

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد