چوار سەربازی ئیسرائیلی کوژران
ئیسرائیل سوریای بۆردومان کرد و دۆخی نەخۆشخانەی شیفا خراپە
+964
ژووری هەواڵ
بازنەی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل فراوانتر بوو، ئیسرائیل رایگەیاند بە فڕۆکە چەند ئامانجێکیان لە بەرزاییەکانی جۆلان بۆردومان کردووە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو موشەکانەی لە سوریاوە ئاڕاستەیان کرابوو.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: بە تەواوی پەیوەندییان لەگەڵ تیمەکانیان لە نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری غەزە پچڕاوە و ئەو حاڵەتەش تووشی دڵەراوکێی کردوون.
ژمارەیەک هاوڵاتی ئەمریکی چوونەتە بەردەم ماڵەکەی جۆ بایدن لە ویلایەی دیلاوێر و داوا دەکەن دەستبەجێ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە رابگیرێت.
فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند فڕۆکەیەکیان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستیدا نییە بیسەلمێنێت بە هۆی هێرشێکەوە بەردرابێتەوە، ئەو ناوچەیەی ئەمریکا باسی دەکات ئاسمانی فەلەستین و سوریا و لوبنان و چەند وڵاتێکی دیکە دەگرێتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بە فەرمی دانیان بەوەدا نا، کە چوار سەربازی ئیسرائیلی لەناو تونێلێکی حەماسدا کوژراون، تونێلەکە وەک بۆسە بەکارهێندراوەو تەقێندراوەتەوە.